حەماس: ڕێککەوتنێکمان دەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت
ئەندامێکی باڵای حەماس ڕایگەیاند، بە ئاگربەستێک ڕازی نابین کە زیندانییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر دابینکردنی هەندێک خۆراک و ئاو بۆ چەند ڕۆژێک، ئازاد بکەین.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، باسم نەعیم، ئەندامی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕاگەیاند، حەماس ڕژدە لەسەر ئەوە دەبێت ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەمەلایەن و گشتگیر بێت، بەشێوەیەک کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و نەخشەڕێگایەکیش بۆ قۆناغی دوای شەڕ دابنرێت.
هەروەها گوتی: بەر لە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە، ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ ناچارکردنمان بە پەسەندکردنی ئاگربەست، لە ڕێگەی برسیکردن، بەردەوامیدان بە توندوتیژییەکان و هەڕشەکان چڕ کردووەتەوە.
باسم نەعیم ئاماژەشی دا، هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ ڕێکەوتنێکە، بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی ئیسرائیلە لە بەرانبەر دابینکردنی هەندێک خۆراک و ئاو بۆ چەند ڕۆژێک, بەبێ ئەوەی هیچ دڵنییایەک بدرێت کە شەڕەکە کۆتایی بێت.
دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نووسینگەی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕاگەیاند، هەوڵ دەدەن هاوکاریی هاووڵاتییانی غەززە بکەن و هەندێک خواردنییان بۆ دابین بکەن.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: بەر لەوەی سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم، پەیامێکی زۆر گرنگم دەبێت.