لە رۆژهەڵاتی کوردستان برنج بووەتە خۆراکێکی گرانبەها
بەهۆی گرانیی نرخەکەیەوە، خەڵک لەجیاتی فەردە بە کیلۆ برنج دەکڕن
K24 - رۆژهەڵاتی کوردستان
لە بازاڕەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان نرخی برنج بەڕادەیەك بەرزبووەتەوە، ھەموو كەس توانای كڕینی نەماوە، بەجۆرێک ئەوانەی پێشتر مانگانە دەیان کیلۆ برنجیان بە فەردە دەکڕی، ئێستا بە کیلۆ دەیکڕن.
گرانی و كزبوونی توانای دارایی وایكردووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان برنجیش وەكو خۆراکێکی گرانبەھای لێبێت، كە ھەموو كەسێك توانای كڕینی نەماوە، لە ساڵی رابردووەوە نرخی خۆراکە سەرەكییەكان کە یەكێكیان برنجه، دوو بۆ سێ ھێندە بەرزبووەتەوە، تەنانەت فرۆشیار و دووكاندارەكانیش نایشارنهوه نرخەكان بهجۆرێك بهرزبوونهتهوه، نزیكه كارەساتی لێ بكهوێتهوه.
مەسعوود ئیبراھیمی، دووكاندارێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، باس لەوە دەکات "ئەو کڕیارانەم کە پێشتر دەهاتن و 100 کیلۆ برنجیان دەبردەوە بۆ ماڵ، ئێستا 10 کیلۆ دەبەن... 240 هەزار تمەن (نزیکەی 13 هەزار دیناری عێراقی) بدەی بە کیسەیەک برنج، بەتێڕوانینی من تاوانێکی زۆر گەورەیە... کرێکارێکی بەدبەخت کە لە 30 رۆژدا 10 رۆژێک کاردەکات و رۆژی 70 بۆ 80 هەزار تمەن پەیدا دەکات، لەکوێ پارە بهێنێت کیسەی برنج بە 240 هەزار تمەن بکڕێت!".
دابەزینی بەھای تمەن و مامەڵەنەكردنی بانكە نێودەوڵەتییەكان وایانكردووە؛ حكومەت توانای چاودێریی نرخ و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ لهدهستبدات و، رۆژانه نرخهكان بەرزببنەوە، ھاوكات بەرھەمی برنجی ناوخۆیی ئێرانیش نهیتوانیوه پێویستی یهك لهسهر سێی خهڵك پڕ بكاتهوه، ههرچی بهرههمی ھاوردەشه بەھۆی بەرزیی بەھای دۆلار بەردەوام نرخی له زیادبوونه و زۆرینهی خهڵك توانای كڕینیان نییه.
ئێستا، ھەزاران تۆن برنج لە كۆگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەن، بازرگانەكان دەڵێن بە نرخێكی زۆر لەسەریان ماڵە و ناجێگیریی بەھای دۆلار وایكردووە، نەزانن برنجەكە بە چ نرخێك بە ھاووڵاتییان بفرۆشن بۆ ئهوهی زەرەری تێدا نەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی بەشێكی زۆر لە ھاووڵاتییان له كڕینی برنج به گونیه دابهزیوهته سهر كیلۆ، بهشێكیشی ههر توانای كڕینی كیلۆیهكیشیان نییه بههۆی بێكاری و بێ داهاتی.
هـ.ر.