ھەرێمی كوردستان بە مەرج كارەبا دەداتە بەغدا

حکومەتی عێراق بەنیازە كارەبا لە ھەرێمی کوردستان بۆ شارەكانی رابكێشێت

K24 - ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەو مەرجە كارەبا بە بەغدا دەدەین كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای هەرێمی كوردستان نەبێت".

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد "حکومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی رابکێشێت و لە ئەگەری ئەو کارە، مەرجی خۆمان دەبێت".

راشیگەیاند: "زانیاریمان پێگەیشتووە کە حکومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەک وەزارەتی کارەبا تاوتوێ کردووە بەڵێنمان داوە بە مەرج رێگە پێدانەکە بە بەغدا بدەین".

گوتیشی: "نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بەغداش سووتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات".

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا باسی لەوەش کرد: "ھەرچەندە ئەو یەکانەی لەکار کەوتوون ھی وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێکرد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رەزامەند بوون، ئەوکات رێگەی پێدەدرێت".