جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران: لە پرسی مووچە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران جەخت دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی مووچە، هەموو ئەرکەکانی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە. 

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بڵاو کردەوە. 

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە "41 ڕۆژ بەسەر دوا وەجبەی مووچە، كە حکومەتی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، تێ پەڕیوە."

بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، لەبارەی پرسی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە. 

 

 

دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دوای بەشداریی لە پرسەی کوڕێکی ئەیاد عەللاوی لە بەغدا، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا دووپاتی کردەوە "لە بابەتی مووچەی فەرمانبەران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، ئەویش ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 22-04-2025، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.                                

هەمان ڕۆژ، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.