قایمقامی سلێمانی: تەنیا لە مەیدانی ئاژەڵان ڕێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەدەین

قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، جگە لە مەیدانی ئاژەڵان، لە هیچ شوێنێکی دیکە ڕێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ نادەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ ناهێڵین جگە لە مەیدانی ئاژەڵ، لە هیچ شوێنێکی دیکە کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە بکرێت، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، بە تایبەت ئەوانەی کە کاری کڕین و فرۆشتن و کاری ئاژەڵداری دەکەن، چونکە ئەوان زیاتر لە هەمووان، ئەگەری تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون هەیە."

قایمقامی سلێمانی هەروا گوتی: پشکنین بۆ هەموو ئەو ئاژەڵانە دەکرێت کە دێنە ناو مەیدانەکەوە و لە مەیدانەکەش دەردەچن، ئەوەش لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەبێ بەرانبەر جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی هەموولایەک لە پەتای خوێنبەربوون بەدوور بن، بەتایبەت ئێمە لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە، هەروەک دەزانین هاووڵاتیان لەو جەژنەدا قوربانی دەکەن.

ڕۆژی 2ـی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی توشبوونی بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و ئاشكرای كرد، توشبووەكە پیاوێكی تەمەن 42 ساڵانە و دانیشتووی كۆیەیە.

لە عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 40 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار كراوە، لەو ژمارەیەش پێنج مردن بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، هەرچەندە چەند میدیا عێراقییەکان دەڵێن، ژمارەی مردووان گەیشتووەتە حەوت کەس.

زۆربەی ئەو كەسانەی لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوون مردوون و تۆمار كراون، چوار کەسیان خەڵکی كەركووكن و دوانیان كارمەندی تەندروستیی بوون. لەسەر ئاستی تووشبوونیش پارێزگای زیقار زۆرترینی تێدایە و 15 تووشبووی تێدا تۆمار كراوە.

تای خوێنبەربوون توشی ئاژەڵ دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. نەخۆشییەكە مرۆڤی توشبوو دووچاری خوێنبەربوون دەكات و تا ڕادەی مردن مەترسیی لەسەر ژیانی كەسی تووشبوو دروست دەكات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment