وەزیری پەروەردە: بە دوو خولەک ئەوانە دەدۆزینەوە کە هەوڵی گزی و بڵاوکردنەوەی پرسیارەکان دەدەن

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 1ی حوزەیران تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەست پێ دەکەن.
 لەبارەی ئەو باندانەی هەوڵی بازرگانیی بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان و ئامێرەکانی گزیکردنن، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند "بەهەوڵی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم توانای ئەوەمان هەیە لەماوەی دوو خولەکدا ئەو کەسانە بدۆزینەوە هەوڵی گزی و بڵاوکردنەوەی پرسیارەکان دەدەن."
وەزیری پەروەردە داوای کرد، هیچ قوتابییەک فریو نەخوات بەو باندانە چونکە چارەنووسی باندەکان هەر ڕووبەڕووکردنەوەیانە بەرامبەر یاسا، ئاماژەی بەوەش کرد، دامەزراوە ئەمنییەکان هاوکاری وەزارەتی  پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن.
لەبارەی پاراستنی پرسیارەکانیش، ئالان حەمە سەعید گوتی: ئاسایشی پرسیارەکان بەهێزە، نزیکەی 117 هەزار قوتابی کە دەچێتە نێو تاقیکردنەوە، هەر قوتابییەک بتوانێت مۆبایلێک بباتە ژوورەوە و وێنەی پرسیارەکان بگرێت، هەرچەند هەوڵی شاردنەوەی هەندێ شتیش بدات، بە دوو خولەک دەزانین ئەو وێنەیە لە چ شارێک گیراوە، لە چ پارێزگایەکە، لە چ هۆڵێکی تاقیکردنەوەیە، کێ بەڕێوەبەری هۆڵە، کێ سەرپەرشتیاریەتی و قوتابیەکەش کێیە.