فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێك لە سنووری زاخۆ دەكەنە ئامانج

"ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیانی سڤیل بووە"

K24 – زاخۆ

كەمێك پێش ئێستا لەسەر رێگای دەركار – باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ، ئۆتۆمبێلێك لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كرایە ئامانج.

ئیسلام یوسف، پەیامنێری كوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان لە گوندی بۆسەلێ لەسەر رێگای نێوان دەركار – باتیفا، كردە ئامانج، بە گوێرەی زانیارییەكان ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان بووە و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە".

گوتیشی: "پێدەچێت بۆردوومانەکە لیزەری بێت نەک مووشەک، چونکە ھیچ شوێنەوارێكی مووشەک بەو شوێنە و ئۆتۆمبێلەكەوە دیار نییە، تەنیا سووتاوە".

زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەركار بە كوردستان24ی گوت: "دوو كەس لەناو ئۆتۆمبێلەكە بوونە و ھەردووكیان بران و پێشمەرگەن، لە سنووری ناحیەی باتیفا، چونكە لە بەیانییەوە ئەو سنوورە تۆپباران دەكرێت، بۆیە ناوچەكەیان جێھێشتووە، بەڵام دوای گەیشتنیان بە سنووری ناحیەی دەرکار، ئۆتۆمبێلەكەیان لەلایەن فڕۆكەكان كراوەتە ئامانج".

بۆردوومانی لەیزەری چییە؟

بۆردوومانەکە لەڕێگەی فڕۆکەی F16 ئەنجامدراوە. ئەو جۆرە فڕۆکەیەش دەتوانێت چوار جۆر مووشەک هەڵبگرێت و هێرشی پێ ئەنجامبدات کە پێکدێن لە: مووشەکی دژەتانک، مووشەکی بەئامانجکردنی کەسی، مووشەکی سوپەر کە دەتوانێت زەوی هەڵبکۆڵێت لەگەڵ مووشەکی لەیزەری، ئەمەشیان تەنیا ئامانجەکەی دەسووتێنێت.

ئەو مووشەکەی ئاراستەی ئۆتۆمبێلێکە کراوە لەیزەری بووە، ئۆتۆمبێلەکە لەکاتی رۆیشتن بووە و راستەوخۆ مووشەکەکەی بەرنەکەوتووە، بەڵکو بە زەویی ژێرەوەی کەوتووە، کە بەهۆی هێزەکەیەوە زیانی بە پێش و پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە گەیاندووە و جامەکانی شکاندووە.

 

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێك لە سنووری زاخۆ دەكەنە ئامانج
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێك لە سنووری زاخۆ دەكەنە ئامانج
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێك لە سنووری زاخۆ دەكەنە ئامانج
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێك لە سنووری زاخۆ دەكەنە ئامانج