زاخۆ: 6 گوندی سنووری لەلایەن تورکیاوە بۆردومان كران

بۆردومانه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 7:00ی به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌

K24- زاخۆ:

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەھۆی بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان چه‌كدارانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا لە گوندە سنوورییەکانی قەزای زاخۆ، ھەر یەك لە گوندەکانی بانك، منین، ئەڤله، پیربلا، چەمکورك و باندرۆ لەلایەن تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە تۆپباران و بۆردومان کران.

دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا کە ئەو شەش گوندە ده‌كه‌ونه‌ سنوورەکەیان، بە کوردستان٢٤ـی راگەیاند؛ تۆپباران و بۆردومانی تورکیا له‌و 6 گونده‌ لە کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیان پێکردووە و بە 40 گوللـەتوپ و چەند جارێكیش له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، ئەمە جگە لە هێرشه‌كانی فڕۆکەی ھێلیکۆپتەری سەربازیی تورکی، کە به‌ هۆیه‌وه‌ زیانێکی زۆر بەر رەز و باخ و دارستانه‌كانی ئەو گوندانە کەوتووە و گڕیان گرتووه‌.

ھەر لەم بارەیەوە شاھێدحاڵێك لەنزیك شوێنی بۆردومانەکە بە کوردستان٢٤ی راگەیاند، "فڕۆکەکان ئەوەندە نزم بوون، لەترسان ئێمە دەستمان بۆیان بەرزکردەوە تا لەوە دڵنیابن کە ئێمە هاووڵاتی سڤیلین و گەریلای پەکەکە نین"، ھەمان سەرچاوە گوتیشی: "پەکەکە لەو گوندانە جووڵەیان ھەبوو، جگە لە تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان، گوێمان لە دەنگی تەقەی چەکی بچووك و مامناوەندیش دەبوو، کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان ھەردوولا دەبیسترا".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، له‌كۆی ئه‌و 6 گونده‌ی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، ته‌نیا دانیشتوانی گوندی بانك له‌ گونده‌كه‌یان ماون و هه‌ر پێنج گونده‌كه‌ی دیكه‌ چۆڵ كراون.

H.B