مووش.. 300 بەشداربوو دوای لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بڕوانامەیان پێ بەخشرا

دوای چەند ساڵێک لە خوێندنی زانستەکانی قورئانی پیرۆز، لە پارێزگای مووش 300 بەشداربوو دوای لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بڕوانامەیان پێ بەخشرا.
پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان، لە ناوەندی هۆڵێکی وەرزشی ڕێورەسمێکی تایبەت بۆ ژمارەیەکی زۆری قورئانخوێن بەڕێوەچوو کە تەواوی قورئانی پیرۆزییان لەبەرکردبوو، بەشداربووان دوای چەند ساڵێک لە خوێندنی زانستەکانی قورئان لە ناوەندە ئاینییەکان توانییان ببنە (حافز قورئان).
عەونی چاکر پارێزگاری مووش لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکە ڕایگەیاند: شانازی بەو کەسانەوە دەکەم کە ئەمڕۆ بڕوانامەی تایبەتیان وەرگرتووە، ئەمە یەکێکە لە جوانییەکانی ئەم پارێزگایە.
لەلای خۆیەوە عوسمان شاهین، سەرۆکی لێژنەی کاروباری ئایینی ڕایگەیاند: یەکەم جارە لە پارێزگای مووش کارێکی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت، ئەمە بە تەنیا ڕێوڕەسمێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شانازییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە.
دوای بەڕێوەچوونی بڕگەکانی چالاکییەکە لە کۆتاییدا بڕوانامە بە تەواوی بەشداربووان بەخشرا.
