خێزانە دەوڵەمەندەکان "شەڕیانە" لەسەر کڕینی پاسپۆرت

نرخی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە بزانە کە بە تەنها بە پارە دەستدەکەون

K24- هەولێر:

خێزانە دەوڵەمەندەکانی جیهان ناتوانن باوەڕبەوە بکەن کە پەتای کۆرۆنا، رێگری گەشتی لێکردوون، بۆیە پارەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەبێ کێشە سنوورەکان ببڕن.

ئێستا بازرگانی کڕینی پاسپۆرت و ڤیزا، بە وەبەرهێنان لە پەنابەرێتیی ناسراوە، هەندێک جاریش بە 'ڤیزای ئاڵتوونی' ناودەبرێت.

لە رابردوو کڕینی رەگەزنامەی وڵاتان لە لایەن دەوڵەمەندەکانەوە بۆ ئەوە بەکاردەهات، تاوەکو بتوانن موڵک و وەبەرهێنان لە چەند شوێنێکی جیاواز بکەن و هەمان باجی هاووڵاتیانی ئەو شوێنانەش بدەن، بەڵام کۆرۆنا ئێستا سوودێکی دیکەی بۆ کڕینی پاسپۆرت دروستکردووە، ئەویش هەبوونی دڵنیایی تەندروستی و هەبوونی پلانی دووەمە بۆ ئەو دەوڵەمەندانەی کۆرۆنا و نەخۆشی لە وڵاتەکەیان زیاد دەکات.

ئەمە وایکردووە، ئەو بازرگانییە بە رێژەی 42٪ زیاد بکات تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا.

کڕینی رەگەزنامە لە وڵاتان جیاوازە، دەبێت پرۆگرامێکی وەبەرهێنان پێشکەش بکەیت تاوەکو ببیتە خاوەنی رەگەزنامەکە. دەبێت نرخی وەبەرهێنانەکە بەم جۆرەی خوارەوە بێت:

دۆمینیکا و دوورگەی سەینت لوسیا= 100 هەزار دۆلار

ئەنتیگوا و باربودا= 130 هەزار دۆلار

گرێنادا و سەینت کیتس و نێڤیس= 150 هەزار دۆلار

پورتوگال و مۆنتێنێگرۆ= 294 هەزار دۆلار

بولگاریا= 588 هەزار دۆلار

کەنەدا= 894 هەزار دۆلار

ئەمەریکا= 900 هەزار دۆلار

قوبرس= دوو ملیۆن و 530 هەزار دۆلار

بەریتانیا= دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار

هەروەها هەردوو وڵاتی نیوزیلاند و ئوستراڵیا هەمان رێگایان بۆ دەوڵەمەندەکان کردووەتەوە، نرخی وەبەرهێنانەکەش، لە دوو ملیۆن بۆ شەش ملیۆن دۆلار دەستپێدەکات.

ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەی دانیشتوانیان کەمە و دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت زۆرترین داواکاریان لەسەرە.

دۆمۆنیک ڤۆلێک، سەرۆکی دەستەی جیهانی ئاسیا تایبەت بە رەگەزنامە بە ماڵپەڕی سی ئێن ئێن گوتووە، خەڵک مەبەستیان لەو کارە هەبوونی پلانی دووەمە کە سوودی بۆ دڵنیایی تەندروستیان لە داهاتوو هەیە، هەروەها هاوکاریان دەکات ئاسانترلە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا گەشت بکەن و شوێنی پارێزراوتر بۆ خۆیان دابینبکەن.