پاکستان داوای کشانەوە لە هیندستان دەکات

ئاڵۆزییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان بەردەوامن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە و بەرگریی لەخۆ کردن دەکەن.

لە دوایین پێشهاتەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا میدیاکانی نیودەلهی بڵاویانکردەوە، هێزی دەریایی هیندستان ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوە دەستپێدەکات.

گوتەبێژی پارتی بەهاراتیا جاناتا (BJP)ی دەسەڵاتداری هیندستان، پاکستانی تۆمەتبار کرد بەوەی بەردەوام بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە بەرامبەر هیندستان مامەڵە دەکات و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی خەڵکی مەدەنی لە پاکستان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو گرووپە چەکدارە ناسراوەکانی بۆمباران کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕاگەیاند "پاکستان وەڵامی هاوسەنگی لە کاتی خۆیدا دەبێت و لە ئەگەری پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا پێشتر هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی تۆمەتە بەردەوامە گاڵتەجارییەکانی هیندییەکان دۆخەکە خراپتر دەبێت و بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە دەڕوات.

وەزیرەکە لە چاوپێکەوتنەکدا ڕاشیگەیاند، ئەو کارەی هیندستان دەیکات بانگەشەیەکی ڕوونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات.

لە بەرامبەردا، عەتاڵلا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، داوای لە هیندستان کرد هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی دۆخی ناوچەکە و ڕەتیکردەوە سوپای پاکستان پەرستگاکانی سیخەکانی بۆمباران کردبێت.

ڕیزوان سەعید شێخ، باڵیۆزی پاکستان لە واشنتن بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند "وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لە خۆی مامەڵە دەکات و مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی هیندستان بداتەوە."

باڵیۆزەکە باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هیندستانیش کرد، لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دوو وڵات، هەرچەندە پێیوابوو بەرپرسیارێتی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئەستۆی هیندستاندایە.

هاوکات تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە گرنگی دوورکەوتنەوە لە شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان کردەوە، ئەمەش دوای پەرەسەندنی گرژییە چەکدارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم دواییانەدا. بروس دووپاتی کردەوە واشنتن بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لای خۆیەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، داوای کەمکردنەوەی ئاستی کێشەکانی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، قەیرانی ئێستای نێوان هیندستان و پاکستان "بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کاروباری ئەمەریکاوە نییە". تەنیا ئەوە نەبێت کە هانیان بدەین گرژییەکانی نێوانیان کەمبکەنەوە، دەشڵێت: ئێمە بەشداری شەڕێک ناکەین کە هی ئێمە نییە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment