پسپۆڕێکی خۆراک: تووی سپی یان دۆشاوەکەی قەڵای ئافرەتانە

لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی بەهار توو پێدەگات و تاوەکوو ناوەڕاستی هاوین دەمێنێتەوە، پسپۆڕێکی خۆراکیش دەڵێت: سوودەکانی سەرسوڕهێنەرن.

بەدر سورچی، پسپۆڕی خۆراک ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا وەرزی پێگەیشتنی چەندین بەرهەمی بەهاریە، یەکێک لەوانە تووە، میوەیەکە سوودی بۆ جەستە هەیە بەتایبەتی بۆ ئافرەتان وەک گەوھەرێکە تا تەواو دەبێت ڕۆژانە پێویستە کەمێکی لێ بخۆن بە تایبەتی لە برسییەتی، بە هەردوو شێوەکەی.

بەدر سورچی ئاماژەی بەوەکرد، تووی تەڕ بەشێوەی دۆشاو و وشککراو سوودی زۆرە، لەوانە: تووی سپی یان دۆشاوەکەی سوڕی مانگانە و کێشەی ھۆرمۆن و کیس و گرێی ئافرەتان چارەسەر دەکات، پارێزەری لەشە لە دروست بوونی خانەکانی شێرپەنجە، یارمەتی کرداری هەرس و تەندروستی گەدە دەدات، قەبزی ناهێلێت.

ئەو پسپۆڕە خۆراک باسی سوودی دیکەی توو دەکات دەڵێت" یارمەتی دەم و ددان دەدات بۆ ئیلتیهاباتی ناو دەم بەسوودە و کۆنتڕڵی فشاری خوێن دەکات”.

توو درەختێکە لە درەختە گوڵدارەکان سەرەتا گوڵ دەردەکا و دواتر گوڵەکان دەبن بە بەر دەیان جۆری توو هەیە و بەردارە و هەشیانە بێبەرە کە پێی دەوترێ (تووی زڕ )داری توو جگە لەوەی بەرێکی بەسوود پێشکەش دەکات، سێبەرێکی خۆشیش دەدا بە ماڵ و باغ و کۆڵانەکان.

 توو لە سەرەتای تەمەنی خێرا گەشە دەکات و باڵا دەکات چەندین جۆری قەبارەی ورد و گەورە و ڕەنگی سپی و سوور و ڕەشی هەیە کە هەر کەسێک حەز بە جۆرێک لە لەو تامانە دەکات. هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە داری توو لە چەندین ناوچە گرنگی زۆری پێ دەدرێ چەندین بەرهەمی جۆراوجۆری لێ دروست دەکرێ توو لە وەرزی بەهاردا پێدەگات ،بەڵام لە زۆر ناوچەی وڵاتەکەمان کە ناوچەیەکی سارد و فێنک بێ تا درەنگ توو دەمێنێتەوە واتا تاوەرزی هاوین.

 
 
Fly Erbil Advertisment