ساڵیادی كۆتایی ھاتنی جەنگی خوێناویی عێراق و ئێرانە

یەک ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆتایی ھاتنی جەنگی 8 ساڵەی عێراق - ئێرانە، كە لە مانگی ئەیلوولی ساڵانى 1980 ـەوە دەستی پێکرد و تا 8ی ئابی ساڵی 1988 بەردەوام بوو.

بەھۆی ئەم جەنگەوە ئابووری ھەردوو وڵات زیانێکی زۆریان بەرکەوت، نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی ھەردوولا کوژران و نزیکەی ھەمان ژمارەش لە ھاووڵاتیانی مەدەنی کوژران.

بەھۆی ئەو جەنگەوە، لە ھەردوو بەشی باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان، زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستاندا روویاندا.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئه‌و جه‌نگه‌ بە جەنگی یەکەمی کەنداو ناسراوە، عێراقیش پێی دەگوت "شەڕی قادسیەی سەدام" و ئێرانیش ناوی نابوو شەڕی "بەرگریی پیرۆز".

سەرەتای جەنگەكە بە شەڕی پچڕ پچڕ لە سەر سنوور دەستیپێکرد، پاشان سەدام حسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 ی ئێرانی ھەڵوەشاندەوە، بەشێوەیەکی فه‌رمی شەڕەکە لە رۆژی 22ی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1980 دەستیپێکرد.

بەرلەوەی جه‌نگه‌ هه‌شت ساڵییه‌كه‌ دەست پێبکات، عێراق و ئێران ناکۆکی درێژخایەنیان لە سەر سنوورەکانی نێوانیان ھەبوو، بە تایبەت له‌ ئاوی شەتولعەرەب، ھۆکاری هەڵگیرسانی جه‌نگه‌كه‌ش لەوکاتەدا تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن عێراقەوە، بە ھەوڵدان بۆ ھەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عێراق و وڵاتانی دیكه‌، کە تەنھا ساڵێك بوو ئەو شۆڕشە حوکمی تارانی گرتبووە دەست.

سەرەتا شەڕ لە بەرژەوەندی عێراق بوو و چەند ناوچەیەکی ئێرانی داگیرکرد، بەڵام تا ساڵی 1982 ئێران ھەموو ناوچەکانی لە عێراق سەندەوە، ناوبەناویش ھەر لایە و بەسەر لاى به‌رامبه‌ردا سەردەکەوت.

دوای ھەوڵێکی زۆری نێودەڵەتی، لە 8/8/1988 ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاریدا بە راگرتنی شەڕ.

جەنگەکە زیانێکی زۆری مرۆیی و ئابووری لێکەوتەوە، نیو ملیۆن سەربازی سوپای هەردوولا و هێندەی ئەو ژمارەیەش خەڵکی سڤیل کوژران، دوو هێندەش بریندار، زیانە ئابوورییەکانیش گەیشتە 400 ملیار دۆلاری ئەمه‌ریکی.

بەھۆی ئەو شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، ھەم لە باشووری کوردستان ھەمیش لە رۆژھەڵاتی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سنووری عێراق و ئێران لە خاکی کوردستاندا بوو و زۆرێك له‌ شەڕەکانیش لە کوردستان روویاندا، جیا لە وێرانكردن و سووتاندنی ھەزاران گوند و گیانلەدەستدانی ھەزاران سەربازی كورد، كە لە ریزەكانی سوپای عێراقدا بوون، لە ھەمووی جەرگبڕتر کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بوو لەلایەن عێراقەوە.