زێلێنسکی بۆ یادی سەرکەوتن بەسەر نازییەکان سەرکردەکانی ئەورووپا کۆ دەکاتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سبەی شەممە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ یادکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر نازییەکاندا، لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کۆ دەبنەوە و بانگەشەی ئەوەشی کردووە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارێکی گرنگ دەدرێت.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و نوێنەرانی  یەکێتیی ئەورووپا لە شاری لڤیڤ لە ئۆکرانیا دەکەن، کە بڕیارە سبەی شەممە بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەیداوە، سەرکردەکانی ئەورووپا بە بڕیارێکی گرنگ سەردانی ئۆکرانیا دەکەن و یەکێک لە مەبەستەکانی چڕکردنەوەی فشارەکانە بۆ سەر ڕووسیا تاوەکوو بە بژاردەی ئاگربەستی ڕازیبێت.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئاگاداری پاکێجی هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپایە و بە بڕی یەک ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان لە کەرتی بەرگری ئۆکرانیا دەکرێت.

بە گوتەی زێلێنسکی، کۆبوونەوەکە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 80 ساڵەی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤییەتە بەسەر نازییەکان و پاراستنی یەکگرتوویی یەکێتیی ئەورووپایە لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە هەموو تاکێک نەک تەنیا لە سەرکردەکان و شکۆمەندەکان.

هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتی سەردانەکەی بۆ لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بڕی یەک ملیار یۆرۆ وەکوو هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن بۆ ئەوەی لە کەرتی بەرگریی وڵاتەکەیان خەرج بکەن و باشتر بەرگری لە خۆیان بکەن.