ترەمپ: سەپاندنی باج بە ڕێژەی 80% بەسەر چین گونجاوە

سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ چین ڕایگەیاند ڕەنگە ڕێژەی باج بەسەر چین کەم بکەنەوە بۆ 80%.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: سەپاندنی باج بە ڕێژەی 80% بەسەر چین گونجاوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، دەبێت چین بازاڕەکانی بە ڕووی ئەمەریکادا بکاتەوە، چونکە ئەمە بۆ ئەوان باش دەبێت، داخستنی بازاڕەکان چیتر کاریگەری نابێت.

دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنی گەورەی بازرگانی بەڕێوەن.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست دوێنێ بڵاوی کردبووەوە، ئیدارەی ترەمپ بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ کەم کردنەوە ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر چین بۆ کەمتر لە نیوە، ئەم بڕیارەش هەفتەی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.  

سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ڕێژەی سەپاندنی باجەکان کەم بکرێنەوە.

شەڕی بازرگانی نێوان دوو گەورەترین ئابووری جیهان کاتێک پەرەی سەند کە ترەمپ لە مانگی ئاداردا ڕایگەیاند کە وردە وردە باج لەسەر چین و هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکە بەرز دەکاتەوە، دواتر بە خێرایی لە مانگی ڕابردوودا باجەکانی لەسەر پەکینی بەرزکردەوە بۆ 145%.

لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی چین وەڵامیان دایەوە بە سەپاندنی باجی تا 125% لەسەر بەرهەم و کاڵا ئەمەریکییەکان، پێش ئەوەی هەردوولا دەست بە گفتوگۆکانی پشت پەردە بکەنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا 7ـی ئایاری 2025 ڕاگەیەندراوەکی بڵاو  کردبووە تێیدا ئاماژەی دابوو، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو لە سویسرا، شاندی ئەمەریکا و چین کۆ دەبنەوە، کە سکۆت باسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جەمیسۆن گریر، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا، نوێنەرایەتیی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا دەکەن، هەروەها هی لیفانگ جێگری سەرۆکی حکوومەتی چین، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

هەروەها سکۆت باسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندبوو، لەگەڵ چین لەسەر تەوەر و بابەتەکانی گفتوگۆکان ڕێککەوتوین، بابەتەکان زیاتر بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانە، بۆیە هیچ ڕێککەوتنێکی بازرگانی ناکرێت.