لە ئەنجامی شەڕێکی عەشایەری، بەڕێوبەری پۆلیسی زیقار بریندار بوو

لیوا حەسەن کازم عەبودی، بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری زیقار
لیوا حەسەن کازم عەبودی، بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری زیقار

پۆلیسی زیقار دەستگیرکردنی 20 تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە تێوەگلاون لە شەڕ و ناکۆکی عەشایەری کە لە ئەنجامدا بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی پارێزگاکە بریندار بوو.

پۆلیسی پاریزگای زیقار لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "هێزێک لە فەرماندەیی پۆلیسی زیقار توانیان 20 تۆمەتبار لەهەردوولا دەستگیر بکەن کە ڕۆژی هەینی لە قەزای نەسر شەڕ و ناکۆکیان بووە." 

ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارانە بۆ ئەوەیە تاوەکوو بەگوێرەی یاسا سزای خۆیان وەربگرن، چونکە بەهۆی ئەم ناکۆکیەی هەردوو عەشیرەتەکە بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری زیقار لیوا حەسەن عەبودی بریندار بووە."

ڕوونیشی کردەوە، "هێزەکانی پۆلیس هێشتا  بەدوای تۆمەتبارای دیکەدا دەگەڕێن، بەڵام دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە."

ڕۆژی هەینی لیوا حەسەن کازم عەبودی، لەکاتی هەوڵدان بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکی عەشایەری کە لەنێوان عەشیرەتەکانی (ئەلسەرەخاب) و (ئال حاتم) لە قەزای شەترە سەری هەڵدا، برینداربووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک "هۆی سەرهەڵدانی شەڕەکە، دزینی مانگایەک بووە لەلایەن یەکێک لە عەشیرەتەکانەوە."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment