ترەمپ دەرگای بەڕووی پەنابەران داخستووە جگە لە سپیپێستەکان

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەنیازە زیاتر لە 24 پەنابەری سپیپێستی ئەفریقای باشوور وەربگرێت، سەرەڕای ڕاگرتنی زۆربەی بەرنامەکانی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ئەمەریکا.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس کەوتووە، ئاماژەی بەوە کراوە، ئەو پەنابەرانە کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقاین، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دولێس لە نزیک واشنتن دی سی.
بڕیارە شاندێکی حکوومەت پێشوازیی لەو پەنابەرانە بکات کە بریتین لە جێگری وەزیری دەرەوە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، کە لەڕێگەی فەرمانگەی نیشتەجێکردنی پەنابەرانەوە پرۆسەکەیان بۆ ڕێکخراوە.
ستیڤن میلەر، جێگری سەرۆکی سەرپەرشتیی کارمەندانی کۆشکی سپی، گوتی: "ئەمە یەکەم گرووپ دەبێت کەهەوڵی نیشتەجێکردنیان دەدرێت، چونکە ئەوەی لە باشووری ئەفریقا ڕوو دەدات، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستکردنی بەرنامەی پەنابەران."
دەشڵێت، ئەم حاڵەتە لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکی پاراستنی ڕەگەزە، جەختیشی کردەوە، سپیپێستەکان لە باشووری ئەفەریقا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی 2017ەوە بەرنامەکانی نیشتەجێکردنی پەنابەرانی ڕاگرتبوو، ئەمەش دوای ڕێنمایی ترەمپ بۆ پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بەو بەرنامانە، هەروەها پێشوازیی لە پەنابەرانی وڵاتانی وەک ئەفغانستان، عێراق، زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین ڕاگیراوە.
بەڵام ترەمپ فەرمانی دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری پەنابەرانی سپیپێستی ئەفریقای باشوور و لە پێشینەی کارەکانی دانا، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە وڵاتی خۆیاندا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە.