لە ھەولێر كەسێك بەتۆمەتی كوشتنی ھاوسەرەكەی دەستگیر كرا
كەسێكی دیكەش لەسەر ئەو رووداوە تۆمەتبارە و دەستگیر كراوە
K24 – ھەولێر
ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر دوو كەسیان بەتۆمەتی كوشتن دەستگیر كرد، یەكێك لە تۆمەتبارەكان ھاوسەرەكەی كوشتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هەولێر بە بوونی تەرمێک لە شارۆچکەی عەنکاوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە هەریەک لە بەشی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بەشی پۆلیسی عەنکاوە/ بنکەی پۆلیسی حەدیاب و بنکەی پۆلیسی عەنکاوە پێکهێندرا. پاش گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداو، دەرکەوت ئافرەتێک بەناوی (زەینەب)، تەرمەکەی فڕێدراوە لە شارۆچکەی عەنکاوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ، توانرا بە کەمتر لە 7 کاتژمێردا تۆمەتبار بەناوی (ع.س.ن.) دوای چەندین جار بە چەکی کلاشنکۆف دەستڕێژی گوللـەی لە هێزەکانی پۆلیس کرد، بەڵام توانرا دەستگیر بکرێت و دانی نا بەتاوانەکەیدا کە هەڵساوە بە کوشتنی خێزانی خۆی بە گولـلە".
ئاماژە بەوەشكراوە: "هەروەها توانرا تۆمەتبارێکی دیكە لەم رووداوە دەستگیر بکرێت بەناوی (هـ.م.ح.)، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخرا و بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان بەند کران".