عراقچی: ئێران لە مافەکانی خۆی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی خۆش نابێت
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا مەبەستی بێت تاران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ڕێک دەکەوین، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئێران لە مافی بەرنامەی ئەتۆمی بێ بەش بکەن، هەرگیز لە مافەکانی خۆمان خۆش نابین.
شەممە 10ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوحە لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گفتوگۆی ئێرانی - عەرەبی ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستانەکان بۆ دڵنیابوونهوه بێت لەوهی ئێران چهكی ئهتۆمی به دهست نههێنێت،ڕێککەوتن دەکرێت.
عەباس عراقچی ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا بێبەشکردنی ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی و کۆمەڵێک داواکاریی نالۆژیکی و ناڕاست بێت، ئەوا ئێران بە هیچ شێوەیەک لە مافەکانی خۆش نابێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دا، ئێمە بە نیازپاکییەوە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمەریکا، ئەورووپا، چین و ڕووسیا بەردەوام دەبین.
ڕۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەکات، لە بارەی گەڕی چوارەمی دانوستان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر دانوستانیان لەگەڵ تاران بەرهەمدار نەبوو، ئەوە دریژە بە دانوستانەکان نادەن و ڕێگەیەکی دیکە دەگرنەبەر.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، بە ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران ڕازی نابن و لە دانوستان دەکشێنەوە ئەگەر پێشنیازەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەهێز نەبوون.
ستیڤ ویتکۆف هۆشداریشی دابوو، دەبێت ناوەندە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فەردوو و ئەسفەهان لە چالاکی ئەتۆمی دابماڵرێن و نابێت بە هیچ شێوەییەک بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەردەوام بێت.