بیرێکی گەورەی نەوت لە نەجەف دۆزرایەوە

چەند شوێنێکی ناوچەی رەهبان درزیان تێکەوتووە و ئاگر و گازیان لێ دێتە دەرەوە

K24 - هەولێر

پارێزگاری نەجەف رایگەیاند رووپێوییە سەرەتاییەکان بیرێکی گەورەی نەوتیان لە ناوچەی رەهبان لە نزمایی دەریای نەجەف ئاشکرا کردووە.

دوێنێ (یەکشەممە، 9-8-2020) تیمێکی لێکۆڵەران و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە لەگەڵ لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوێکدا لوئەی یاسری ئاشکرای کرد، چادرێکی گەورە لە ناوچەی رەهبان دادەنرێت بۆ لێکۆڵەر و شارەزایان تاوەکو رووپێییەکانیان تەواو بکەن، پاشان دەچنە بەغدا و لەگەڵ وەزیری نەوت باسی ئەو بابەتە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن پەرەی پێبدەن.

لەم دواییانەدا لە ناوچەی رەهبان، کە 75 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای نەجەف دوورە، چەند شوێنێکی خاکەکە درزیان تێکەوت و ئاگر و گاز لە ناخی زەوییەوە دێنە دەرەوە.

دەریای نەجەف، درێژیی 60 میل و پانی 30 میلە، ناوەندی قوڵاییەکەشی دەگاتە 40 میل، لە ساڵانی دواییدا ئاوەکەی زۆر کەمی کردووە و بەهۆی گۆڕانی کەشووهەواش رووبەڕووی وشکبوون بووە.

 

هـ.ر.