کامەران دۆسکی: کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' زیاتر لە 1200 هەلی کار دەڕەخسێنن
بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' ڕایگەیاند، کارگەکە ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆی هەیە، وێستگەی کارەباکەش توانای بەرهەمهێنانی 52 مێگاوات کارەبای هەیە، هەروەها پێکەوە زیاتر لە 1200 هەلی کاریش دەڕەخسێنن.
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، کامەران دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەکەدا گوتی: ئەمڕۆ کارگەیەکی پڕ سوود بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین'، ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆی هەیە، وێستگەی کارەباکەش توانای بەرهەمهێنانی 52 مێگاوات کارەبای هەیە.
دەشلێت: کارگەکە لەسەر ڕووبەڕی 652 هەزار مەترچوارگۆشە و بە گوژمەی زیاتر لە 280 ملیۆن دۆلار دروست کراوە، هەروەها زیاتر لە 1200 هەلی کار دەڕەخسێنێت، ڕوونیشی کردەوە، بۆ دروستکردنی کارگە و چیمەنتۆی 'دابین' باشترین بڕاندی ئەورووپی و چینی بەکار هێنراون، بۆ ئەوەی بەرهەمی کوالێتی باش و بۆ ماوەیەکی درێژ بدەنە بازاڕ.
جەختیشی کردەوە، سوود لە تەکنەلۆجیای سەردەم وەرگیراوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سادە و پڕۆفیشنال کارەکان ڕاپەرێنرێت، هەروەها لە دروستکردنی کارگەکەدا ڕەچاوی ستاندارد و ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
کامەران دۆسکی، باسی لەوەش کرد، ئەو دارانەی بەهۆی پرۆژەکە بڕدراون، جارێکی دیکە دەڕوێنینەوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو تۆزەش دەکەین کە بەهۆی دروستکردنی چیمەنتۆ بڵاو دەبێتەوە؛ پۆندێکیش بۆ حکوومەتی هەرێم دروست دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوی بەکارهاتووی پرۆژەکە.
گوتیشی: لە ڕێگەی بەرنامەی هاوبەشی کۆمەڵایەتی بەشداریمان لە نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانەی ئەم دەڤەرە کردووە و بەردەوامیش دەبین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەم ناوچەیە.