روونکردنەوەیەک لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە

کوردستان24

K24-هەولێر:

دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی چەند نووسراوێکی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی روونکردنەوەکە، نووسراوەکان تەواو یاسایین و پۆستەکان بەتاڵ بوون و پێویستبوون پڕبکرێنەوە.

دووپاتیدەکاتەوە، لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا  فەرمانبەر دادەمەزرێت.

 

دەقی روونکردنەوەکە:

لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە! بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە هیچ  ئاگادارییەکیان لە بارەی  یاسا و  دامەزراندنی حکومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە.  ئێمە لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەت دەکەینەوە ، بە پێویستیشی دەزانین ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە :

يەکەم: ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە .

دووەم: بە پێی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە پێی پێویست بۆیان هەیە چەند ڕاوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان .

سێیەم: پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ ( شاغر ) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕ بکرێنەوە.

چوارەم: لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا  فەرمانبەر دادەمەزرێت.

پێنجەم: کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی  یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای (معوم)ە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا.

هيوادارين دەزگاکانی ڕاگەیاندن پیشەییانە مامەڵە بکەن و لە پێناو مەبەستی تایبەتیدا، چەواشەکاریی نەکەن.