بزووتنەوەی حەماس هەشت مووشەک ئاراستەی دەریا دەکات
" تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ ئیسرائیل هەڵگرتووە"
K24 - هەولێر
کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بەیانیی ئەمڕۆ هەشت مووشەکی "تاقیکردەوە" و لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی دەریای کردن.
وەزارەتی ناوخۆی سەر بە بزووتنەوەی حەماس، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە کەرتی غەززە بیستران، بەمەبەستی بەرگری بوون"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.
سەرچاوەیەکی نزیکی حەماس کە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، دەڵێ تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە "پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ ئیسرائیل هەڵگرتووە؛ یەکەکانی بەرگری ئامادەن لەبەرامبەر هەموو هێرشێک و بێدەنگ نابن لەسەر بەردەوامبوونی ئابڵۆقەدانی کەرتی غەززە".
لە ساڵی 2014ـەوە ئیسرائیل و حەماس بە نێوندگیریی میسر گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ هێورکردنەوەی رەوش لە غەززە، کە 10 ساڵە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئابڵۆقەی خراوەتە سەر، بەڵام ئەو لێکتێگەیشتنە "لاوازە" و چەندین جار لەلایەن هەردوولاوە شکێنراوە.
لە ساڵی رابردووەوە چەند جارێک مووشەک لە کەرتی غەززەوە هەڵدراون، بەو هیوایەی ببنە هۆی ئەوەی ئیسرائیل گڵۆپی سەوز هەڵبکات و رێگەبدات یارمەتییە داراییەکان لە قەتەرەوە بگەنە غەززە.
بەپێی بانکی نێودەوڵەتی، پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا 53٪ـی دانیشتووانی غەززە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەش مەزەندە دەکرێت رێژەکە بگاتە 64٪.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)