"لایەنەكانی عێراق لە دەنگدان بە یاسای نوێی هەڵبژاردن پاشگەزبوونەتەوە"

100 پەرلەمانتار داوایان كردووە كۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت

K24 - ھەولێر:

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن، "حوسێن هینداوی" ئاشکرایكرد، لایەنەکان لە دەنگدان بە یاسای نوێی هەڵبژاردن پاشگەزبوونەتەوە.

پێشتر بەشێکی زۆر لە کوتلە سیاسییەكان دەنگیان بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان دابوو؛ بەڵام ئەو ماددەیەی تایبەتە بە بازنەی هەڵبژاردن، كێشەی لەسەربوو و كێشەكە یەكلایی نەكرایەوە.

حوسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو کوتلە سیاسییانەی دەنگیان بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان دابوو، ئێستا پاشگەزبوونەتەوە و داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن.

گوتیشی: کوتلە سیاسییەکان داوا دەکەن، ئەو ماددەیەی تایبەتە بە بازنەی هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە. ژمارەی بازنەکان کەمبکرێنەوە، یاخود کار بە یاساکەی پێشوو بکرێت، کە هەر پارێزگایەک وەکو یەک بازنە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا.

ھەر لەو بارەوە، بەدر زیادی، پەرلەمانتار لە كوتلەی سائیرون رایگەیاند، زۆربەی لایەنەكان دژی دابەشکردنی چەند بازنەیەکی هەڵبژاردنن لە پارێزگاکان و بەشێك لە كوتلە سیاسییەكانیش لەو بارەیەوە كۆكن.

لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانتار یونادم كەنا، رایگه‌یاند، 100 پەرلەمانتار داوایان لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە كۆبوونەوەیه‌كی بەپەلە سەبارەت بە "بازنەکانی هەڵبژاردن" به‌ڕێوه‌بچێت. بۆیە ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، بانگھێشتی پەرلەمانتاران بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی.

پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان، ئەویش بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە، کە بڕیارە لە ئاستی پارێزگاوە بچووک بکرێنەوە، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەکان لەسە ئەو بڕگەیە رێكنەكەوتوون.