دوای بانگهێشتکردنی كازمی بۆ پەرلەمان دەكرێت

لەسەر ئەنجامەکانی گفتوگۆی واشنتن و بەغدا روونكردنەوەیان دەوێت

K24 - ھەولێر:

هاوپەیمانێتی فەتح لەسەر پرسی بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و کەمی پێداویستی پزیشکی، کار لەسەر بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران بۆ پەرلەمان ده‌كات.

محەممەد کەریم، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند، پێویستە سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی لە سەر دۆسیەی ھەبوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و ئەنجامەکانی گفتوگۆی واشنتن و بەغدا بۆ پەرلەمان بانگھێشتبكرێت و روونكردنەوە بدات.

گوتیشی: ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە عێراق لە بەرزبوونەوەدایە و لەبەرامبەریشدا، نەخۆشخانەکان رووبەڕووی کەمی پێداویستییەكانی چارەسەركردن بوونەتەوە، بۆیە دەبێت کازمی بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات و ئەم پرسانە بۆ پەرلەمانتاران روونبکاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەکو هاوپەیمانێتی فەتح بەمەبەستی بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران داواکارییان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.