جێگری ئەردۆغان: هیوادارین پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە خێرایی بکرێت
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە، ئاماژە بەوە دەدات "زۆر کەس هەن دەیانەوێت پرۆسەکە پەک بخەن."
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ.
بە گوتەی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا "پرۆسەکە هێشتا تەواو نەبووە و گرنگترین بابەت لەم قۆناغە نوێیەدا ئەوەیە کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەوان چەک دادەنێن، بەڵام ئەمە دەبێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، ئەوان وەک دەسەڵات بە وردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن. گوتیشی: "هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت، چونکە زۆر هەستیارە."
یەڵماز ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوەوە و لە دەرەوە زۆر کەس هەن دەیانەوێت پرۆسەکە پەک بخەن. باسی لەوەش کرد، ئەوانەی دەیانەوێت کێشەکانی تورکیا بەردەوام بێت، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتییان پێ ناخۆشە.
دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."
پارتی کرێکارانی کوردستان داوا لە هەموو کۆمەڵگەی تورکیا دەکات پێشوازی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی بکەن و دەڵێت: لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بە هەمان شێوە بانگەوازی هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
