ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار ئێرانی بە پیسبوونی هەوا و ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن

وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای کرد، ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەوا 50 هەزار کەس و بە ڕووداوەکانی هاتوچۆش، ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار کەس گیان دەسپێرن.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا)، محەممەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە میانەی نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی پەروەردەیی لە زانکۆی زانستی پزیشکی شەهید بەهەشتی تاران، ئاشکرای کرد، لە کابینەی نوێی حکوومەتدا، لە وەزارەتێکی قەرزار دەست بەکار بووە و دەڵێت: ئەو کاتەی وەزارەتی تەندروستیم وەرگرت، وەزارەتەکە یەک ملیار و 141 ملیۆن دۆلار قەرزار بووە و پێویستی بە هەوڵی زۆر بوو تاوەکوو بتوانین چارەی بکەین.

زەفەرقەندی ئاماژەی داوە، دەبێت ئاستی خوێندەواریی بەرزبکرێتەوە و بایەخی زیاتر بە هۆشیاریی تەندروستیی کۆمەڵایەتی بدرێت، بۆ ئەوەی زوو حاڵەتی تووشبووی نەخۆشییەکان دەست نیشان بکرێن، بۆ ئەمەش نموونەی بەوە هێناوەتەوە، ئەگەر %50ی تووشبووانی نەخۆشی شەکرە لە نەخۆشییەکەیان بێ ئاگا بن، ئەو کاتە چاو و بەشەکانی دیکە جەستەی نەخۆشەکان وێران دەکات بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن.

وەزیری تەندروستی ئێران ڕاشیگەیاند، ساڵانە لە ئێران پیسبوونی ژینگە و هەوا کاریگەرییەکی خراپ و مەترسیداری لەسەر خەڵکی وڵاتەکە هەیە و دەڵێت: ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەوا نزیکەی 50 هەزار کەس لە ئێران دەمرن و زیاتر لە 30 هەزار کەسی دیکەش بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان دەسپێرن.

لە بارەی خراپی دۆخی پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی و کۆچی بە لێشاوی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بۆ دەرەوەی وڵات، مامۆستای زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران، بەناوی محەممەد ڕەزا کەلانتەر موعتەمدی دەڵێت: هەرچەندە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کۆچی پزیشکانی پسپۆر بە ڕێژەی %22 کەم بووەتەوە، بەڵام پێویستە ڕێگری لە کۆچی پزیشکان بکرێت و ئەوانەشی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە، بگەڕێندرێنەوە.