دهۆک.. هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەڕێوە دەچێت

هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەڕێوە دەچێت
هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەڕێوە دەچێت

بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ڤێتێرنەریی دھۆک ھەڵمەتێکی دوو مانگەیان ڕاگەیاندووە.

چوارشەممە، 14-05-2025، دکتۆر نیشتمان عارف، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، لە 15-04-2025ـەوە دەستمان بە هەڵمەتێکی ڕشاندن و کوتانی ئاژەڵان لە سنووری پارێزگاکەمان کردووە و بۆ ماوەی دوو مانگ، تا 15-06-2025، بەردەوام دەبێت."

دکتۆر نیشتمان عارف ئاماژە بەوەش دا "18 تیمی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای دهۆک سەرپەرشتیی هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەکەن؛ لە هەر ناحیە و قەزایەک تیمێک پێک هێنراوە. تیمێکی ناوەندیش هەیە ڕۆژانە ڕێنوێنی تیمەکانی دیکە دەکات و پێدوایستییەکانیان بۆ دابین دەکات."

 

 

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "تا ئێستا دەیان شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵان ڕشێنراون و پرۆسەکە بەردەوامە. زۆر جار ئەوانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن، خۆیان دێن سەردانی فەرمانگەکەمان دەکەن و داوا دەکەن دەست بە ڕشاندنی شوێنی ئاژەڵەکانیان بکەین، ئێمەش بێ بەرامبەر ئەو کارانەیان بۆ دەکەین، ئەم ھەڵمەتەکە بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی خەڵکە."

دکتۆر نیشتمان عارف باسی لەوەش کرد "ئێمە نزیک دەبینەوە لە جەژنی قوربان و دەزانین خواست زۆر لە سەر قوربانییکردن زیاد دەبێت. لە کوشتارگەی گشتیی دهۆک تیمێکی ڤێرتەرنەریمان داناوە. پێش و پاش سەربڕین، پشکنین بۆ هەموو ئەو ئاژەڵانە دەکات کە بۆ سەربڕین دەبردرێنە کوشتارگەکە، دواتر مۆرێکی لێ دەدەن."

بە گوتەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک "تای خوێنبەربوون مەترسیی بڵاوبوونەوەی ھەیە، بۆیە خەڵک دەبێت ھۆشیاربن و ڕێگاکانی خۆپارێزی بەکاربهێنن. ھەروەھا داواکاریمان لە ھاووڵاتییان ئەوەیە بەھیچ شێوەیەک ئەو گۆشتانە نەخۆن کە ئاژەڵەکە مۆری کوشتارگەکانی لەسەر نەدراوە و، گۆشتی سەر شەقامەکانیش نەکڕن".

 

 

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک ئاماژەی بەوەش کرد "ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون کە تووشی ئاژەڵ دەبێت، هیچ زیانێکی گیانی بە ئاژەڵەکە ناگەیەنێت و هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆش لەسەری دەرناکەوێت، ئەمەش کێشە سەرەکییەکەیە، چونکە کاتێک ئاژەڵدار مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکەی دەکات، نازانێت تووشبووی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە و لە ئەنجامدا، لە ڕێگەی ئاژەڵەکەوە تووشی نەخۆشییەکە دەبێت."

هەڵەمەتەکە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، 10-05-2025، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون کە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی سپارد.

ڕۆژی 2ی ئایاری 2025 یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە ھاووڵاتییەکی تەمەن 45 ساڵەی خەڵکی قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو، پیشەی گۆشتفرۆشە و لە ئێستاشدا تەندروستیی جێگیرە.