دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوسەری سێوان قادر دەرکرد
بەتاوانی کوشتنی خێزان و هەرسێ منداڵەکەی
K24 - سلێمانی
دادگای سلێمانی بڕیاریدا ھاوسەری سێوان قادر بە تاوانی کوشتنی خێزان و سێ منداڵەکەی، لەسێدارە بدرێت.
16-12-2018 سێوان قادر و سێ منداڵەکەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە چەمچەماڵ سووتان و راستەوخۆ منداڵەکان گیانیان لەدەستدا، دوای چەند رۆژێکیش لە مانەوەی لە نەخۆشخانە، سێوان قادر گوتی هاوسەرەکەی ئەو تاوانەی بەرامبەریان ئەنجامداوە، دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
خێزانی سێوان بەهەمان شێوە هاوسەرەکەیان بە سووتاندنی ماڵ و منداڵەکەی تۆمەتبار کرد، لەسەر سکاڵای ئەوانیش هاوسەرەكەی دەستبەسەر کرا.
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و چەندین گردبوونەوە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنان و هاووڵاتیان بەگشتی ئەنجامدرا و، داواکرا تۆمەتباری رووداوەکە سزابدرێت.
گوتەی دایک و باوکی سێوان لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگا
قادر نووری شەریف، باوکی سێوان قادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە گوتی هیوادارم واژۆ لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانەکە بکرێت.
هەروەها گوڵچین ئەحمەد، دایکی سێوان دەڵێ "من هەموو رۆژێک سووتاوم و کوژاومەتەوە، مەگەر ئەمڕۆ برینەکەی من کەمێک کەمببێتەوە".
هـ.ر.