پرۆژەی ڕووناکی بە فەرمی نرخەکانی کارەبا ڕادەگەیەنێت

پرۆژەی ڕووناکی
پرۆژەی ڕووناکی

پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی، بەفەرمی نرخی کارەبای ڕاگەیاند کە بەشێوەیەک داڕێژڕاوە 80%ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر بدەن بە کارەبا لەو بڕەی پێشتر خەرجییان دەکرد بۆ مووەلیدە و کارەبای نیشتیمانی.

 

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە "ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ، پڕۆژەی ڕووناکی و نرخی نوێی کارەبای پەسەندکرد. نرخەکان بۆ ماڵان بەشێوەیەک دانراون کەوا (تصاعدی)ـن، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکار بهێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و هاووڵاتی بەتەواوەتی بەرپرسیارە لە بڕی بەکارهێنانی کارەباکەی."

 هەروەها ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تا 200 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتی زیاتر بۆ هاوڵاتییان دابین بکات لەنێویاندا پاڵپشتی وەرزی.

نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەشێوەی پلەدار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت:

(تێبینی: 64%ـی هاوڵاتییان دەکەونە ئاستی یەکەم و دووەم)

ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت. 

ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.

ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.

ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.

ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.

پڕۆژەی ڕووناکی لەهەمان کاتدا نرخی کارەبا بۆ جۆرەکانی دیکەی هاوبەشانی کارەبا ڕادەگەیێنێت کە بەشێوەی جێگێر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت:

بازرگانی - 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

کشتوکاڵی - 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

پیشەسازی - 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

پیشەسازیی گەورە  - 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

میری - 160 بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

بۆ خەمڵاندنی بڕی پسوولەی کارەبا بەپێی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا هاووڵاتی دەتوانێت تایبەتمەندی بژمێر لە وێبسایتی پڕۆژەی ڕووناکی بەکاربهێنت لەڕێگای ئەم لینکەی خوارە؛ https://runaki.gov.krd/calculator