ئاسایشی هەولێر باندێکی دزی و ڕێگریی دەستگیر کرد

سێ تۆمەتبار کە پێشینەی تاوانیان هەبووە، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کراون، کە دزییان لە هاووڵاتییان کردووە.
چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، سێ تۆمەتباریان بە ناوەکانی ( م ، ح ، خ) و(ج ، ح ، خ) و (د ، م ، س)، دەستگیر کردووە کە لەناو شاری هەولێردا دزی و ڕێگرییان لە چەند هاووڵاتیەکی خاوەن دوکانی ئاڵوگۆڕیی دراو کردووە. باندەکە، دوای ئەوەی چاودێریی خاوەن دوکانەکانیان کردوە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە هێرشیان کردۆتە سەریان و ڕێگەیان لێیان گرتوە و سەرجەم پارەکانیان بردووە.
ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەوە، چەند ئۆتۆمبێلێکیان دزیووە و تابلۆکانیان گۆڕیوە و پاشان بەو ئۆتۆمبیلانە ڕێگری و دزییان لە هاووڵاتیان کردووە.
ئاسایشی هەولێر، باسی لەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا، دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک چەکێکی بێمۆڵەت و ژمارەیەک تابلۆی ساختەی ئۆتۆمبیل و سێ ئۆتۆمبێلی دزراودا. تاوانبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش دەستگیر کراون و سزای یاسای دراون.