بەرگریی شارستانی خۆی بۆ وەرزی دروێنە ئامادە دەکات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە، بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لەهەموو ئەو شوێنانەی دروێنەی لێ دەکرێت، تیمەکانیان زیاد دەکەن و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت، پێویستە هەموو شوفێرانی دەڕاسە لەکاتی دروێنەدا ئامێری ئاگرکوژێنەوەیان لەلا بێت.

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سبەینێوە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی لەسەرجەم ئەو شوێنانەی دروێنەیان تێدا دەکرێت، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ تیمێک جێگیر دەکات.

سەرکەوت کاڕەش گوتیشی: لەو شوێنانەی بنکەی بەرگریی شارستانی نییە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەکانی پۆلیس و موختاری گوندەکان، تیمی ئاگرکوژێنەوە جێگیر دەکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی کەوتنەوەی هەر ئاگرێک یان ڕووداوێکی نەخوازراو لە ناو دەغڵەکاندا، بەزووی کۆنترۆڵ بکرێت.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو وەرزی دروێنە تەواو دەبێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەو شوێنانەی دیاری کراون، ئامادە دەبن.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند: لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە، داوا لە جووتیاران دەکەین، لەکاتی دروێنە پێویستە ئامێری ئاگرکوژێنەوە لەنێو دەڕاسەدا هەبێت. بەهیچ نابێت لەکاتی شکانی دەڕاسە لە نێو دەغڵدا لەحیم بکرێت. پێویسته‌ شوفێرانی ده‌ڕاسه‌ ئاگاداری هێڵه‌كانی كاره‌بای ناو كێڵگه‌كانیان بن و پێویستە هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت، لە کاتی ئیش کردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرێک، بتوانن بە زووترین کات كۆنترۆڵی بكات.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment