عەلی شەمخانی: ئێران ئامادەیە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان، بکات

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆکان، ئامادەیە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات.

عەلی شەمخانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز ڕایگەیاند "ئێران بەڵێن دەدات هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات و کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو نەهێڵێت و یۆرانیۆم تەنیا بە ئاستێکی پێویست بۆ بەکارهێنانی مەدەنی بپیتێنێت و ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بدات سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکەن. هەموو ئەمانە لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا ئێران ئامادەیە ئەمڕۆ ڕێککەوتنێک مۆر بکات ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت؟ شەمخانی گوتی: "بەڵێ".

ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە، داوای سەپاندنی سزای توندی بە سەر ئێراندا کرد، هاوکات هیوای خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دووپات کردەوە.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، سیاسەتی زۆرترین فشاری دژی ئێران گرتەبەر و سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیش دانوستان دەکات کە دەیانەوێت ئەو سزایانە هەڵبگرن .

ئیدارەی ترەمپ چوار خولی دانوستانی لەگەڵ تاران کردووە لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد دانوستان بکات و هەڕەشەی بۆمبارانکردنی کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێکەوتن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment