هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرام بە نەخۆشی لە ئوردن کۆچی دوایی کرد

محەممەد عەباس بەهرام، لە ساڵی 1952 لە کەرکووک، لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵلا لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کەرکووک و قۆناغی دواناوەندی و پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە.
دیارترین گۆرانییەکانی هونەرمەند بریتیین لە ( توڕەمە خۆت زیز مەکە - ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش)، یەکێکە لە هونەرمەندە ناودارەکانی کوردستان کە لە دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا دەژیا، خاوەنی چەندان بەرهەمە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە دەنگی ئاشنان.
لە چاوپێکەوتنێکدا ئەو هونەرمەندە دەڵێت، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە گۆرانی دەڵێم، لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە بە گۆرانی کیژۆڵەی سوورە گوڵ، دەستی بەکاری هونەری کردووە، سەرسام بووە بە دەنگی هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و عەلی مەردان،
محەممەد عەباس بەهرام، یەکەم هونەرمەندە بە تەنیا لەگەڵ پیانۆ گۆرانی گوتووە.
دواین وەسیەتی هونەرمەند دەڵێت: "کە مردم، دەمەوێت لە کوردستان بمنێژن."
هونەرمەند محەمەد عەباس لە ساڵی 1985ەوە لە بەریتانیا دەژیا و ماوەیەکە تووشی نەخۆشی بوو و بەیانی ئەمڕۆش لە تەمەنی 73 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئوردن کۆچی دوایی کرد.