مایڵز کاگینز: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەچێتە ئەمەریکا

مایڵز کاگینز:  گوتەبێژی  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" بۆ عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەمەریکا گوتی: سەردانی ئەم مانگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

 گوتەبێژی  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان  "ئەپیکور" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 گوتی: هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، دەرفەتێکی نوێی ژیان بە سوورییەکان و وەبەرهێنانیش بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەدات.

دەقی چاوپێکەوتنی کوردستان24 لەگەڵ مایڵز کاگینز: گوتەبێژی  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور":

کوردستان24: بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن بۆ وەبەرهێنان لە سووریا و ناوچەکە؟

مایڵز کاگینز: سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند وڵاتێکی کەنداو، هەڵگرتنی سزاکان دەرفەت دەداتە سووریا بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ئابووری جیهان، ئەمەش گرنگترین شتە بۆ گەلی سووریا بکرێت، چونکە زیاتر لە 10 ساڵ سوورییەکان لەژێر سزای زۆر سەخت بوونە کە ڕژێمی پێشووی سووریا(بەشار ئەسەد) هۆکاری ئەوە بووە.

کوردستان24: ژینگەی سووریا چەند بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە سووریا؟

مایڵز کاگینز: هەر کۆمپانیایەک چاوی لە دەرفەتی وەبەرهێنانە لە سووریا، بەڵام دەرفەتێکە زیاترە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا، کاگینز ئاماژە بەوەشددەکات، ئەمەریکا وەبەرهێنانی زۆری کردووە، لە 9 ساڵی ڕابردوودا  وەبەرهێنانی بە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار کردووە بۆ پشتیوانی کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕی دژ بە داعش و لەخۆگرتنی زیاتر لە 10 هەزار منداڵ و ژنی داعشەکان لە کەمپی هۆل، جگەلە وەبەرهێنانی سەربازیی، ئەمەریکا بە بەهای 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە بواری مرۆییدا لە کۆبانێ و حەسەکە و دێرەزوورکردووە، دەشڵێت:  ئێستا دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ئەمەریکا لە سووریا هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان هاوکاریی بازرگانیی سووریا بکەن.

کوردستان24: ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەتان لە وەزارەتی دەرەوە باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانتان کرد؟

مایڵز کاگینز: ئەوە کێشەی سەرەکی ئێمەیە،  پەیوەندییمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، سێ لە ئەندامانای ئێمە(ئەپیکۆر) کۆمپانیای ئەمەریکین، ئەمەریکاش پشتیوانی لەوە دەکات بۆری نەوتی عێراق و تورکیا بۆ بەندەری جەیهان بکرێتەوە.

دەڵێت: سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور  بارزانی بۆ ئەمەریکا، ئامانج تێیدا گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، تیمێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن، هەمووان هەوڵدەدەن حکوومەتیی عێراق ڕازی بێت بە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوە دەستپێبکاتەوە.

کوردستان24: ئێستا گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەکوێ گەیشتوون؟

مایڵز کاگینز: هیچ ڕوون نییە گفتوگۆکان بەکوێ دەگەن، بەڵام گرنگە وەزارەتی بەوتی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکان بکات بۆ ئەوەی خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەگوێرەی بودجەی عێراق، چونکە پارەیەکی زۆری وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت هەیە کە تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەیداوە، دەمانەوێت بزانین لە داهاتوودا ئەو پارەیە چۆن دەدەن.

کوردستان24: ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکان و دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت؟

مایڵز کاگینز: ئێمە ناتوانین کاتێک دیاریی بکەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئێمە هانی حکوومەتی فیدراڵ دەدەین بگاتە ڕێککەوتن، سەرۆک وەزیرانی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ داوا دەکەن دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.