پەرلەمانی عێراق داوا دەکات ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بێتە دەنگ

ئەم ھێرشە زیانێکی تەواو به پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیەنێت

K24- ھەولێر

دوای هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەكەی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانانی سنووری عێراق له ناوچەی برادۆست، حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەم هێرشەی به پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناساند و رایگەیاند، ئەم ھێڕشە زیانێکی تەواو به پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیەنێت.

حەسەن کەعبی به توندی ئەم هێرشەی ئیدانه کرد و داوای له حکوومەت كرد، باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت بکات و پەیامێکی توند ئاراستەی توركیا بكات

كەعبی جەختیشی کردەوه، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانه، پێشێلکردنێکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشه و دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش بەپەله لەسەر ئەم پێشێلکارییانه بێتەدەنگ.

لەلایەکی دیکەوه سوپای عێراقیش رایگەیاند، تورکیا دەستدرێژییەکی ئاشکرای کردووه که تێیدا فڕۆکه بێفڕۆکەوانەكەی ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانانی سنووریان کردووەته ئامانج.

سوپای عێراق راشیگەیاند، لهو دەستدرێژییەدا، دوو ئەفسەری پله باڵا و شۆفێرەکەیان شەهید بوونە.