کتێبی "ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا" بڵاو دەبێتەوە

کتێبی "ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستایکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا" بەرهەمی ساڵانێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی وردە و هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک لە زانستەکانی موزیک.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ئاشنا عومەر، مامۆستای زانکۆ لە کۆلیژی هونەرەجوانەکانی هەولێر، دەربارەی کتێبی "ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا"  تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە سەردەمێکدا کە زانست بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر پێش دەکەوێت، گرنگی بڵاوکردنەوەی زانیاری نوێ و دروست زیاتر لە هەر کاتێک دەردەکەوێت."

ئاشنا عومەر دەڵێت: ئەم کتێبە، لە بنەڕەتدا توێژینەوەیەکی زانستییە بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر کراوە، بەرهەمی ساڵانێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی وردە، هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک لە زانستەکانی موزیکدا.

گوتیشی: ئامانجمان تەنیا گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئیلهام بەخشینە بۆ توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا، بۆیە هیوادارین ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکی بەسوود بۆ فێرخوازان، توێژەران و هەموو ئەوانەی حەز لە فێربوون دەکەن. بە هیوای ئەوەی ئەم کارە ببێتە هەنگاوێک بۆ پێشەوە لە گەشتی بێکۆتایی زانست و مەعریفەدا.

ئاماژەی بەوەش دا، کتێبەکە، بەرهەمی توێژینەوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنەیە لە بوارێکی گرنگ و دەگمەندا . لێرەدا، خوێنەر دەتوانێت بە وردی ئاشنا بێت بە ئەو گۆڕانە هونەرییانەی کە لە دوا دەیەکاندا لە موزیک و گۆرانی کوردیدا ڕوویان داوە.

دەشڵێت: ئەوەی جێی باسە توێژینەوەکە بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە، چۆنیەتی گۆڕانی پێوەرەکانی جوانناسی لە موزیک و گۆرانی کوردیدا شی دەکاتەوە. هەروەها، کاریگەری فاکتەرە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و تەکنەلۆژییەکان لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە بە داتا دەخاتە ڕوو.

ئاشنا عومەر ڕاشیگەیاند "ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ توێژەران، فێرخوازانی بواری موزیک و گۆرانی، هەروەها بۆ هەموو ئەوانەی کە خولیای موزیک و گۆرانی و کولتووری کوردین. وەک وتمان ئامانجی سەرەکی ئەم کارە، دۆزینەوە و تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییە هونەرییانەیە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگای کوردین."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment