لە نوێبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەكانی بەیرووت دەیان كەس بریندار بوون

تووڕەیی لوبنانییەکان دانامرکێتەوە

K24- هەولێر:

خاچی سووری لوبنانی رایگەیاند، ئەمشەو دوای نوێبوونەوەی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران لە بەیرووتی پایتەخت، 32 برینداریان تیمار كردووە و 10 برینداریش بەمەبەستی چارەسەری رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.

لە ناوەڕاستی شاری بەیرووت رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران سەریهەڵدایەوە و بەگوێرەی زانیارییەكان، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.

ئەمڕۆش لە درێژەی ناڕەزاییەكاندا كە دوای تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت شەقامەكانی ئەو وڵاتەی تەنیوە، خۆپیشاندەران لە بەندەرە وێرانبووەكە بەرەو ناوەڕاستی شار بەڕێكەوتن و بە تووڕەییەوە داوای رووخانی رژێم و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك و سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمان و سزادانی بەرپرسانی تەقینەوەكەی بەندەرەكەیان كرد.

ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران تیمەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەیان لە ناوەڕاستی بەیرووت بەردباران كرد، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان بۆمبی فرمێسكڕێژیان بەكارهێنا.

لە تویتێكیشدا لە تویتەر، هێزە ئەمنییەكان داوای لە خۆپیشاندەران كرد، دەستبەجێ لەو شوێنانە بكشێنەوە كە ئاڵۆزیی تێدایە و هۆشداریشیاندا، بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكات خۆپیشاندەران رووبەڕووی هێزەكانیان ببنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لە تەقینەوە كارەساتبارەكەی بەیرووت گیانیان لەدەستداوە، بۆ 173 كەس بەرز بووەوە، لەكاتێدا بەهۆی ئەو تەقینەوەیە 6 هەزار كەس بریندار بوونە و تا ئێستاش چارەنووسی 30 بۆ 40 كەس نادیارە.

H.B