پهرلهمانی عێراق: توركیا سهروهری پێشێل دهكات
زیان به پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیەنێت
K24 - ھەولێر
دوای هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەكەی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانانی سنووری عێراق له ناوچەی برادۆست، حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەم هێرشەی به پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناساند و رایگەیاند، ئەم ھێرشە زیانێکی تەواو به پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیەنێت.
حەسەن کەعبی به توندی ئەم هێرشەی ئیدانه کرد و داوای له حکومەتی عێراق كرد، باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت بکات و پەیامێکی توند ئاراستەی توركیا بكات.
كەعبی جەختیشی کردەوه، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانه، پێشێلکردنێکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشه.
دوێنێ 11/8/2020 فڕۆكەكانی توركیا ھێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراقیان لە دەڤەری برادۆست بۆردومان كرد، بەوھۆیەوە چەند فەرماندە و سەرباز شەھید و بریندار بوون.
دوای رووداوەكە و وەك كاردانەوەیەك، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی وەزیری بەرگری تورکیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەمەی داهاتوو 13/8/2020 ئەنجامبدرێت.