وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان: بەردەوام دەبین لە پڕۆژەو ستراتیژی خزمەتکردنی لاوان

"بەھۆی دۆخەكە نەمانتوانیوە بەشێکی کەمی پلانەکانمان بۆ خزمەتی لاوانی کچ و کوڕی وڵاتەکەمان پێشکەش بکەین"

K24 – ھەولێر

بەبۆنەی رۆژی جیھانی لاوان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا جەختدەكاتەوە، بەردەوام دەبن لە پڕۆژەو ستراتیژی خزمەتکردنی لاوان و رەخساندنی زەمینەی گەشەکردنی خەون و خولیای لاوان و بەشداری کارایان لە بڕیاردان و سەرکردایەتیکردن و تواناسازی لاوان.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی رۆشنبیری ھاتووە: "لە سەرەتای دەست بەکاربوونی ئەم کابینەیەوە بەکارنامە و پڕۆژەیەکی تۆکمەوە بۆ خزمەتی لاوان دەستمان پێکرد، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و دەرکەوتنی پەتای کۆرۆناوە کە بووەتە ھۆی وەستانی ھەموو جۆرەچالاکی و کۆبوونەوەیەک تائێستا نەمانتوانیوە بەشێکی کەمی پلانەکانمان بۆ خزمەتی لاوانی کچ و کوڕی وڵاتەکەمان پێشکەش بکەین. بەوھیوایەی لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ئەم قەیرانانە بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئەرکی نیشتیمانی و حکومی خۆمان جێبەجێ بکەین".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رایدەگەیەنێت: "بەڵێنی خۆمان دووبارەدەکەینەوە کە بەپێی توانا بەردەوام دەبین لە پڕۆژەو ستراتیژی خزمەتکردنی لاوان".

دەقی بەیاننامەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەبۆنەی رۆژی جیھانی لاوان:...

لەکۆتایی ساڵی ١٩٩٩ نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا کە بەرواری ١٢ ی ئابی ھەرساڵێك بەرۆژی جیھانی لاوان بناسێنێت. ئامانجی ئەمەش سەرنج ڕاکێشانی بریار بەدەستانە لەسەرتا سەری جیھان بۆ کێشەو گرفت و پێداویستیەکانی لاوان و ھاندانیانە بۆ دانانی پلانی ستراتیژی و کارنامەی پێویست بۆ ئەم توێژە ھەرە گرنگەی کۆمەڵگاکان. دروشمی سەرەکی ئەم یادە ئەم ساڵ بریتیە لە( بەشدار پێکردنی لاوان لەپێناو ھاندانی کاری جیھانی). ئامانجی ئەم دروشمەش بیرھێنانەوەی گرنگی بەشدارپێکردنی لاوانە لەبڕیاری سیاسیدا چ لەئاستی ناوخۆ و لۆکاڵی یان ئاستی دەرەکی و جیھانی. ھەروەھا گرنگی بەشداریکردنیان لەناوەندەکانی بڕیارو دامەزراوە رەسمیەکان.

بەم بۆنەیەوە ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وێرای پیرۆزبایی لەتوێژی لاوان، لەھەمانکاتدا رایدەگەیەنین ھەر لەسەرەتای دەست بەکاربونی ئەم کابینەیەوە بەکارنامە و پرۆژەیەکی تۆکمەوە بۆ خزمەتی لاوان دەستمان پێکرد، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و دەرکەوتنی پەتای کۆرۆناوە کە بووەتەھۆی وەستانی ھەموو جۆرەچالاکی و کۆبونەوەیەک تائێستا نەمانتوانیوە بەشێکی کەمی پلانەکانمان بۆ خزمەتی لاوانی کچ و کوری وڵاتەکەمان پێشکەش بکەین. بەوھیوایەی لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ئەم قەیرانانە بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان ئەرکی نیشتیمانی و حکومی خۆمان جێبەجێ بکەین و ھاوکاربین لە رەخساندنی زەمینەی گەشەکردنی خەون و خولیای لاوان و بەشداری کارایان لە بڕیاردان و سەرکردایەتیکردن و تواناسازی لاوان.  چونکە لاوان وەک چۆن لەئێستادا چالاکترین و کاراترین توێژی کۆمەڵگان، بۆ ئایندەش ھیواو ھێزی ھەموو کۆمەڵگان. بۆیە خزمەتکردنی لاوان و بەدیھێنانی ئامانجەکانیان و بەشدارپێکردنیان لە بڕیارداندا، دارشتنی بناغەیەکی پتەویشە بۆ داھاتووی ھەر کۆمەڵگایەک.

لەکۆتایدا ویرای پیرۆزبای لە لاوانی کچ و کوری کوردستان، سوپاسی ھەردووک رێکخراوی ( UNFPA) و ( UNICEF) دەکەین کە بەردەوام ھاوکاری ناوەندەکانی وەرزش و لاوان بون لە کارو چالاکیەکانیان و بەھیوایی فراوانبوون و باشترکردنی کاری ھاوبەش. لە ھەمانکاتدا بەڵێنی خۆمان دووبارەدەکەینەوە کە بەپێی توانا بەردەوام دەبین لە پڕۆژەو ستراتیژی خزمەتکردنی لاوان.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

٢٠٢٠/٨/١٢