پارێزگاری هەولێر: بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون، حەوت کەس دراونەتە دادگا
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون، حەوت کەسیان داوەتە دادگا. دووپاتیشی دەکاتەوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە جەژنی قوربانەوە نییە.
یەکشەممە، 18-05-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بەشداریی پێشانگەیەکی هونەریی کرد و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە ڕێکارەکانی حکوومەت بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و چەند پرسێکی دیکە کرد.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگاکە، ئاماژەی بەوە دا "ئەو هاووڵاتییەی کفری کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ببوو، چاک بووەتەوە و نەخۆشخانەی بەجێ هێشتووە. چەند حاڵەتێکی گوماناویش هەبوون، بە خۆشحاڵییەوە پشکنینەکانیان نەرێیی دەرچوون و ئێستا هیچ کەسێک لە نەخۆشخانە نەماوە."
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد "لە وەزارەتی ناوخۆ و لە دیوانی پارێزگای هەولێریش ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەبارەی چۆنییەتی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کردووە و ژمارەیەک ڕێنماییشمان دەرکردووە. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پێیانەوە پابەندبن، چونکە هۆشیارییان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە."
ئومێد خۆشناو، داواشی لە هاووڵاتییان کرد، هیچ جۆرە گۆشتێکی سوور نەکڕن، ئەگەر مۆری ڤێتێرنەری پێیەوە نەبێت. وەکوو خۆی گوتی: زیاتر لە حەوت کەسمان داوەتە دادگا کە گۆشتی سووریان دوور لە ڕێنماییەکان و لەسەر شەقامەکان، فرۆشتووە و دوو لەو کەسانە، کەس دەستگیر کراون. ڕۆژانەش لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەوشێوەیە گۆشت دەفرۆشن."
پارێزگاری هەولێر داوای لە مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، هانی هاووڵاتییان بدەن ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون جێبەجێ بکەن و دووپاتیشی کردەوە "بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە جەژنی قوربانەوە نییە."
ڕۆژی شەممە، 10-05-2025، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون کە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی سپارد.
ڕۆژی 2ی ئایاری 2025 یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کرا کە ھاووڵاتییەکی تەمەن 45 ساڵەی خەڵکی قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو، پیشەی گۆشتفرۆش بوو، ئێستا تەندروستیی جێگیرە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە.