پزیشکی دادی: هونەر رەسوول بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە

لە رانیە و سلێمانیش توێکاری بۆ تەرمەکەی کراوە

K24 - رانیە

هونەر رەسوول، پەیامنێر و رۆژنامەنووس دوێنێ لە شوێنی خۆپیشاندان و گرژییەکانی رانیە گیانی لەدەستدا، لە ئەنجامی دوو پشکنینی توێکاریش، دەرکەوت هۆکاری گیانلەدەستدانی جەڵتەی دڵ بووە.

پەیامنێرەکەی کەناڵی گەلی کوردستان لەنێو خۆپیشاندانەکان لەپڕ تەندروستیی تێکچووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە، هاوڕێ و ئەوانەی لەکاتی رووداوەکەدا لەگەڵی بوون، سەرەتا پێیان وابوو هۆکاری گیانلەدەستدانی زمانهەڵگەڕانەوەیە.

گیانلەدەستدانی پەیامنێرەکە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوڕێ و ئەوانەی لەوکاتەدا لێی نزیک بوون، وایانزانی بەهۆی بەرکەوتنی بەرد یان زەبرێکی دەرەکی، زمانی هەڵگەڕاوەتەوە و بەهۆیەوە خنکاوە.

دوای رەوانەکردنی تەرمی هونەری تەمەن 31 ساڵ، کە خێزاندار بوو و باوکی کچێک بوو، بۆ پزیشکی دادیی رانیە و ئەنجامدانی توێکاری، دەرکەوت بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.

تەها محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە ئەنجامی توێکاری لە پزیشکی دادیی رانیە، دەرکەوت هونەر بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە. بۆ دڵنیایی زیاتر و لەسەر خواستی کەسوکارەکەی، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی کرا، بەڵام دوای دووباره توێکاری بۆ تەرمەکەی، ئەنجامەکان هەمان ئەنجامی رانیه بوون".

لێپرسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی رانیە ئاماژەی بەوەش کرد، هونەر پێشتر نەشتەرگەریی دڵ (فتح صدر)ـی بۆ کراوە، چونکە نەخۆشیی دڵی هەبووە.

سەندیکای رۆژنامەنووسان: هونەر رەسوول دڵسۆزی پیشەکەی بوو

لە پرسەنامەیەکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەر رەسوول، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوڕێ و هاوکارانی ئەو پەیامنێرە دەکات، دەشڵێ "کەسێکی بەئەزموون و دڵسۆزی پیشەکەی بوو".

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment