ئومێد خۆشناو: چەند مانگێکی دیکە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەگاتە ماڵان
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەنگۆیەکانی لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر هەن، بە نا دروست وەسفکرد و گوتی: ئەو پرۆپاگەندانە کاری بەشێک لە میدیاکانە.
لەبارەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە چەند مانگی داهاتوودا ئاو دەگاتە خەڵکی هەولێر کە ئێستا زیاتر لە سەدا 70ـی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە و یەکێک لە پرۆژە هەرە ستراتیژییەکانیر ئاستی هەرێم و هەموو عێراقە، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا کە چەند مانگێکی دیکە تەواو دەبێت و ئاو دەگاتە هاووڵاتییانی شاری هەولێر, دەشڵێت: پرۆژەکە بەلای پرۆژەی نیشتەجێبوونی پاڤیلۆن تێپەڕ نابێت، چونکە ئاراستەی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاوەکە، بەلایەکی دیکەدا دەڕوات.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لەماوەی کاتژمێرێکدا توانای دابینکردنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە کاتێکدا بە پرۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ و پرۆژەی ئاوی قەندیل و پرۆژەکانی دیکەش بە تێکڕا، توانایان هەیە 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکەن، بەمەش تەنها پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر 20 مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا دابین دەکات.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دوو هێلە بەپێی ئەو نەخشەی بۆی داڕێژراوە، لە سەرەتای مانگی تەمووز(7)، هێلی یەکەمی پرۆژەکە تەواو دەبێت و ئاو دەگاتە ماڵان، وێستگەی پرۆژەکە لە گاینجە، لەکانی قرژاڵەوە دەست پێ دەکات، دەچێتە سەرکارێز، مامزاوە، قەتەوی، گەڕەکی ژیان، گەڕەکی ڕۆشنبیری، دارەتوو، بنەسڵاوە، گەڕەکی فەرمانبەران و گەڕەکەکانی حەوت و هەشتی حەسارۆک، دەشڵێت: بیرە وشکبووەکان لە گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و فەرمانبەران، مامزاوە و قەتەوین کە سەدا 70 کێشەی بێ ئاوی هەولێر لەو ناوچانەیە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: هێمن گرووپ پێشی نەخشەی جێبەجێکردن کەوتووە، لە کاتێکدا دەبوو بە سێ ساڵ پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوان بە ساڵێک کەمتر پرۆژەکە تەواو دەکەن، دەڵێت کۆمپانیای کەی وەنیش پێشی کاتی دیارکراوی خۆی کەوتووەتەوە لە دانانی تۆڕەکانی ناوشار و گەڕەکەکان کە نزیک بووەتەوە لە کۆتایی پرۆژەکە.
لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیش، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لە جەژنی قورباندا مەترسییەکان زیاتر دەبن لە تای خوێنبەربوون، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بە ڕێکارە تەندروستەکە قوربانی بکەن بۆ سەلامەتی خۆیان و خزم و کەسوکاریان، بۆ ئەوەی پاشماوەی ئاژەڵەکانیشیان بڵاونەکەنەوە، لە قەسابخانەی حکوومی قوربانییەکانیان بکەن، چونکە تای خوێنبەربوون بووەتە مەترسیی، پرسەکەش پەیوەندیی بە جەژنی قوربانەوە نییە.
لەبارەی دابەشکردنی زەوی، پارێزگاری هەولێر گوتی: هەر فەرمانبەرێک لەهەر دامەزراوەیەک کە مافی هەبێت، زەوی پێ دەدرێت، تاکو یەک فەرمانبەریش مابێت، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە سەگی بێلانە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: لەسەرتاسەری عێراق کێشەی سەگی بێلانە هەیە، هەر لەسەر ئاستی عێراقیش، هەولێر یەکەم پارێزگایە شەڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە بکاتەوە، گوتی: لەکۆتایی ساڵی 2021 دەستمان بە دیراسەیەک کرد بۆ چارەسەری کێشەی سەگی بێلانە، ئەزموونی ڕێکخراوێکی بەریتانی جێبەجێ دەکەین لەو بارەوە کە سەرکەوتوو بووە لە ئەڤغانستان، بۆیە لەسەر 20 هەزار دۆنم زەوی شەڵتەرێکمان دروست کرد کە تیمی تەندروستی و کلینکی ڤێرتەنەری بۆ دابینکراوە لەگەڵ ستافی تایبەت و خواردنی بەردەوام بۆ سەگی بێلانە، ئێستا زیاتر لە 11 هەزار سەگی بێلانە لەنێو شارەوە گواستراونەتەوە شەڵتەرەکە، ئەو گەنجانەی سەگ دەگرن، هاوکارییەکیان وەک پشتیوانی پێ دەدرێت.