بەردی بناغەی پرۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر دانرا

مەلامستەفا بارزانی
مەلامستەفا بارزانی

بە سەرپەرشتیی مەلامستەفا بارزانی، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر لەلایەن کۆمپانیای (GEG Construction)، لە دەڤەری بارزان دانرا.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: لە بەردەوامی و درێژەپێدانی پڕۆژە مەزنەکەی زۆم، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتگەیاندن بە خەڵک و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەلامستەفا بارزانی لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر لەلایەن کۆمپانیای (GEG construction ) لە دەڤەری بارزان دانرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەنگاوەکانی پڕۆژەی زۆم، کە مەبەست لێی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گوندنشین، جووتیار، هاووڵاتیان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆیی، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەری ڕاگەیەندرا.

پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر، چوار بەشی سەرەکی لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە: کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر، پڕۆژەی زۆم بۆ کشتوکاڵ، سەنتەری ڤێتەرنەری زۆم، زۆم مارکێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پرۆژەی وەبەرهێنانی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان کە مۆڵەتی یاسایی کارکردنی بە ژمارە 1145 لە 21ـی تشرینی دووەمی 2022 لە دەستەی وەبەرھێنان وەرگرتووە، لە 30ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی ژاژوکی دەڤەری بارزان سەر بە شارۆچکەی مێرگەسۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر کرایەوە.

پڕۆژەی زۆم لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا بنیاد نراوە، هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stainless steel) دروست کراون و بەرهەمی ڕۆژانە 20 تۆنە و توانای هەیە بیگەیەنێتە 50 تۆن.

لە کارگەی زۆم بایەخێکی تایبەت بە پشکنینی لایەنە تەندروستییەکانی بەرهەمەکان دراوە و لە ناو کارگەدا تاقیگەیەکی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی ئەو شیرانەی دەگەیەنرێنە کارگەکە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتییەکەی، هاوکات پشکنین بۆ بەرهەمە بەرهەمهێنراوەکانیش دەکات.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment