وەزارەتی بازرگانی عێراق: بڕی یەک ملیۆن و نیو تۆن گەنم هێنراوەتە بازاڕەکان

دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەرەتای بەبازاڕکردنی گەنمی ئەم وەرزە کە مانگێک لەمەوبەر دەستی پێ کردووە، بڕی گەنم لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، بڕی ئەو گەنمە لە بازاڕ زیاد دەبێت.

وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد، پلانی دروستکردنی سایلۆی گەورەیان هەیە، بۆ پەرەپێدانی توانای هەڵگرتنی گەنمی زیاتر، ئەمەش بە هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان دەبێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرسیار لە وەزارەتی بازرگانی بە ڕۆژنامەی 'سەباحی' ڕاگەیاند "تاکو دوێنێ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، بڕی ئەو گەنمەی کە جووتیاران لە پارێزگاکانی باشوور خستوویانەتە بازاڕەوە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو تۆن بووە."، گوتیشی: "بڕی ئەوگەنمەی دەهێنرێتە بازاڕ بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەمەش لەکاتێکدایە دەستپێکردنی وەرزی دروێنە و بەبازاڕکردن لە هەموو پارێزگاکانی عێراق نزیک بووەتەوە."

هەر لەو چوارچێوەیەدا، تاڵب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی، ستایشی هەوڵی جووتیارانی کرد بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە و جەختی لەوە کردەوە "عێراق توانای خۆبژێوی لە گەنمدا وەک بەرهەمێکی ستراتیجی بەدەست هێناوە و بڕێکی زۆری کۆکردۆتەوە کە پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی دابین دەکات."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment