بۆریی ئاوی ئیفراز شکا، تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەین
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، لە نێوان دارەبەن و ئاشۆکان شکاوە، کە بەگوتەی شایەتحاڵان ماوەی کاتژمێرێکە شکاوە و ئاو بە بەرزی چەند مەترێک لێوەی دەردەچێت.
ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، لە نزیك گوندی (دارەبەن)ی هەولێر، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شكا."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "لە قۆناغی یەکەمدا، بەهۆی شكانی بۆرییەكەوە، پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێمان كوژاندووەتەوە. تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی شکانی بۆرییەکە، کە ئاوەکە وەستایەوە، دەست بە چاککردنەوەی دەكەن."
لەبارەی چۆنییەتی شکانی بۆرییەکە، ڕابەر حوسێن گوتیشی "هەرچەندە جارێ لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە، بەڵام پێ دەچێت بەهۆی کارپێکردنی حەفارەیەکی گوندەکە، بۆرییەکە شکا بێت."
هەروەها ئەرشەد، موختاری دارەبەن ڕاگەیاند، من کاتێک بەرەو هەولێر دەڕۆیشتم بینیم ئەو بۆرییە شکاوە، ئەوکات منیش پەیوەندیم بەلایەنی پەیوەندار کرد، ئەوانیش ئاوەکەیان گرتەوە، بەڵام ئەو ئاوەی ئێستا لە بۆییەکە دێتە دەرەوە هی ناو بۆریەکەیە.
گوتیشی "پێشتر ئەو شوێنە هەندێک ئاوی لێ دەهات، بەڵام ئێستا زیادیی کردووە، دەشڵێت، پێشتر بۆریەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە بەڵام نازانین هۆی شکانەکە چییە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
هەولێر 3 پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.