ژینگەی هەولێر: لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە 80تۆن خۆڵ باریوە

کەشناسی دەڵێت: خۆڵبارین بەردەوامی دەبێت و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین ڕێژەیی خۆڵبارین لە مانگی ڕابردوو لە شارۆچکەی کۆیە بووە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی ڕابردوو، لە 7ـی نیسان تاوەکوو، 5ـی ئایار، ئاماری خۆڵبارینیان کۆ کردووتەوە لە سنووری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە شارۆچکەی کۆیە زۆرترین خۆڵ باریوە، کە 26تۆنە، لە سەنتەری شاری هەولێریش 20تۆن و 400کیلۆگرام خۆڵ باریوە.
دڵشاد هیرانی گوتیشی: لە شارۆچکەی هەریریش کەمترین خۆڵ باریوە کە، 14تۆن و 800 کیلۆگرامە، لە شارۆچکەی پیرمامیش 19تۆن و 600کیلۆگرام خۆڵ باریوە.
کۆی گشتیی بڕی خۆڵبارین 80تۆن و 800کیلۆگرام بووە.
لەلای خۆیەوە سەنعان عەبدوڵلا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هیچ ئامارێکیان دەربارەی بڕی خۆڵبارین کۆ نەکردووەتەوە، بەڵام کاریگەی خراپی کردووەتەوە سەر ژینگە و ئەگەر شەپۆڵەکانی خۆڵبارین بەردەوام بێت، کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت.
لە مانگی رابردوو چەند شەپۆڵێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی تاوەکوو مانگی ئاب، شەپۆڵەکانی بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوامی دەبێت.