ئاری ئەحمەد: 24 کاتژمێری دیکە ئاوی ئیفراز 3 دەگاتەوە هەولێر

ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی 24 کاتژمێری دیکە، ئەو بۆرییەی ئاوی ئیفراز 3 بۆ هەولێر دەگوازێتەوە، پاش شکانی و بێ ئاو بوونی بەشێکی شاری هەولێر،چاک دەکرێتەوە و ئاو دەگاتەوە هەموو گەڕەکەکان.

دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆری گواستنەوەی ئاوی پرۆژەی ئیفراز 3، لە نزیک گوندی دارەبەن شکا و ئاوی ژمارەیەکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر بەهۆیەوە بێ ئاو بوون.

بەپێێ زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئیفراز 3، 10 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێک دەگەیەنێتە بەشێکی زۆری شاری هەولێر، بەهۆی شکانی بۆری گواستنەوەی ئەو پرۆژەیە، گەڕەکەکانی سنووری شارەوانییەکانی سێ، چوار، پێنج، کەسنەزان، بەشەکانی سنووری شارەوانی یەک، گەڕەکەکانی کەوتوونەتە نێوان شەقامی پیرمام(شۆڕش) تا دەگاتە شەقامی کەرکووک، بەشێکی نێو شەقامی 60 مەتری تا دەگاتە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری، بێ ئاو بوون، بەڵام تیمەکانی چاککردنەوە بە ئەندازیار و فەرمانبەران و کرێکاران ئێستا سەرقاڵی چاکردنەوەی بۆرییەکەن و دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر، لەماوەی 24 کاتژمێری دیکە بۆرییەکە چاک دەکرێتەوە و ئاو دەگاتەوە هاووڵاتییان.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر ئاشکرای کرد، هاووڵاتییەک بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارەتی بکات، کاری هەڵکۆڵینی لەو ناوچەیە کردووە و بووەتە هۆی شکانی بۆری گواستنەوەی ئاوی ئیفراز 3 بۆ هەولێر، دەڵێت: ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر ئەو هاووڵاتییە دەگریتە بەر.