پرۆژە ناوازەکەی سۆران زۆری نەماوە تەواو بکرێت

زۆری نەماوە هەردوو پردەکەی سۆران بکرێنەوە و ئەمڕۆ هێڵکارییان بۆ کرا.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هێڵکاریی لەهەردوو بەرزە پردی سۆران تەواو بووە و تەنیا ڕووناکی و پشتێنەی سەوزایی ماوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێنەوە.
هەژار حەکیم گوتیشی: پرۆژەکە لە دوو بەرزە پرد پێک دێت، درێژیی پردی یەکەم 154مەترە و بەرزی 15مەتر و پانی 11مەترە، پردی دووەم درێژییەکەی 57مەترە و بەرزییەکەی 8مەترە و پانی 11مەترە.
13شوباتی 2024، لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانراوە و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە 900 ڕۆژە.
بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران دەکرێت و ناوەندی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە.