هەزاران پێشمەرگە و خانەنشینکراوی دیکە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران بەردەوامە و لە دوو ڕۆژی داهاتوو ناوی ژمارەیەک پێشمەرگەی دیکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ سوودمەندبوون لە وەگرتنی زەوی.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆسەی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ناوی 23هەزار فەرمانبەر و خانەنشین سوومەند لە وەرگرتنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە، لەگەڵ ناوی 10هەزار پێشمەرگە.

سەربەست مەولوود، گوتیشی:لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ناوی 12هەزار پێشمەرگەی دیکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کار لەسەر ئەوە دەکەین لە کاتێکی نزیک ناوی سەرجەم پێشمەرگە و خانەنشینانی دیکەش تەواوبکرێت.

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکوو ئێستا ناوی نزیکەی 400هەزار فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی پەسندکراون و 50هەزار پێشمەرگە و خانەنشینکراو ماون.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment